بۆچی پیشەی دەرمانسازی بژاردەی دڵخوازی منە؟

دەرمان + هەرکەسێک = ژەهر، بەڵام .. دەرمان + دەرمانساز = ڕزگارکەر

تەندروستی

کامەران لوقمان

3/31/2022

ئەوەم لە بیر و هزرە سەرەتا حەزی زۆرم هەبوو بۆ کار کردن و خۆ دۆزینەوە لە بەشێکی هەستیار و گرنگی تەندروستی کە لەوێ بتوانم زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵک بژیم و بتوانم ببمە یارمەتیدەر لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و تەندروست بۆیان، بەڵام چۆن؟! نازانم! تەنانەت نەمدەزانی شوێنێک هەیە پێی دەڵێن کۆلێژی دەرمانسازی

دواتر لەدوای تەواو کردنی قۆناغی ئامادەیی و بە گوێرەی کۆنمرە و هەروەها سیستەمی خوێندنی باڵا دەمتوانی بۆ چەند بەشێک بەردەوام بم لە زانکۆ. یەکێک لەوانە کۆلێژی دەرمانسازی بوو. پێش ئەو کاتە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونم کردبوو بۆ زۆربەی بەشەکان و بەراوردی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان. بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێکردنم بۆ تێگەیشتن لە کۆلێژی دەرمانسازی، شان بە شانی هەر وەڵامێک هەستی منیان دەبزواند زیاتر و خۆم لەو بوارە دەبینیەوە. ئێستا با لە چیرۆک دەرچین و تیشکێک بخەینە سەر دونیای ڕاستەقینەی دەرمانسازی

لایەنە بەهێزەکانی پیشەی دەرمانسازی دەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوە کۆبکەینەوە، وە لەوانیە بە گوێرەی شوێن هەم بە گوێرەی کات ڕێژەیەک لە جیاوازی و گۆڕان هەبێت

١. فراوانی لە بوار و بژاردەکانی پسپۆڕیی و کارکردن

بۆ نموونە، لەم بەشانەی خوارەوە

ا/ کارکردن وەکو دەرمانسازی کلینیکی. کە تییایدا دەرمانساز لەگەڵ پزیشکی هاوکار ئەرکی چاودێری دەرمان لە ڕووی باشترین بژاردە و سەلامەتترین ڕێگای بەکارهێنان دەگرێتە ئەستۆ. بە مەبەستی گەورەترین دەستکەوت و ئەنجام لە دەرمانەوە بۆ نەخۆش. هەروەها ڕێگری لە ڕوودانی کارلێکی ترسناک و زیانبەخشی دەرمان کاتێک بە یەکەوە پێویست بکات بەکار بێن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەرمانساز هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت لە دەرمانسازی کلینیکی

ب/ کارکردن لە نێوەندەکانی دۆزینەوە و لێکۆڵینەوە لە دەرمان یان لە کارگەی دروست کردنی دەرمان. کە هەردووکیان گرنگی ئەوتۆیان هەیە لەپاراستن و بەرەوپێشبردنی بواری تەندروستی جیهانیی، ئەویش لە ڕێگای داهێنان دۆزینەوەی دەرمانی نوێ هەروەها باشترکردن و کەمکردنەوەی زیانی دەرمانەکانی پێشتر

ج/ کارکردن وەکو دەرمانساز لە دەرمانخانە. ئینجا وەکو بەڕێوەبەر یان یەکێک لە ئەندامانی دەرمانخانە دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، لێرە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ نەخۆش و بەکارهێنەرانی دەرمانە، بۆیە گرنگە ئەوە بزانرێت کە دەرمانساز تاکە کەسە کە بکرێت ڕێنمایی دروستی دەرمانی لێ وەرگیرێت. وەکو دەگوترێت: "دەرمان لەگەڵ هەموو کەسێک، یەکسانە بە ژەهر!، تەنها لە دەستی دەرمانسازەوە دەگۆڕێت بۆ ڕزگاریدەر و پارێزەری ژیان". دەرمانساز لە دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت لە دەرەوەی نەخۆشخانە وە هەروەها دەرمانخانەکانی کەرتی گشتی لە نەخۆشخانەکانی میری، بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە دەرمانی نووسراو لە ڕاچیێتەی پزیشکی و دڵنیابوونەوە لە گونجاوی دەرمانەکان کە بەیەکەوە نووسراون، هەروەها ڕاستی و دروستی شێوەی بەکارهێنانی دەرمانەکان. ئینجا ئاگەدارکردنەوەی بەکارهێنەری دەرمانەکە لە ئەگەرەکانی ڕوودانی کاریگەرییە لاوەکییەکان و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیاندا

د/ کارکردن لە نێوەندی فرۆش و بەبازاڕ کردنی دەرمان دوای بەرهەمهێنانیان. کاتێک پڕۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی دەرمان تەواو دەبێت، پشکی شێر بۆ دەرمانسازە کە بتوانێت هەڵسێت بە قۆناغەکانی بە بازاڕ کردن وەک شێوەی ئامادەکردن و پاکێت کردنی سەلامەت و درووست، نرخ دانان، بەردەست کردن لە چ شوێنێک، شێوازی ڕاست و درووست لە کاتی ڕێکلام لەڕووی ئیتیک و ڕەوشتەوە کە سەلامەتی لە پێشی قازانجی ماددی دابنرێت، دەرمانسازە کە دەتوانێت بنج و بناوانی بابەتەکە وەکو پێویست بخاتە بەر باس و بیگەیەنێت

٢.هەمیشە بوونی هەلی کار و داوای دەستی دەرمانساز بۆ کارکردن. بە تایبەت لە ووڵاتانی پێشکەوتوو و کاروبار ڕێکخراو. کە تییایدا پێناس و ناوەڕۆکی کارەکان ڕێکخراون وە ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە چوارچێوەی پسپۆریی دانرابێت

٣. داهاتی ساڵانەی دەرمانساز لە ڕووی پیشەگەرییەوە دادەنرێت لە نێو داهاتە زۆر باشەکان لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان و هەروەها ووڵاتە نیمچە ڕێکخراوەکان

٤. دەرمانساز پێگەی خۆی دەبینێتەوە لە چینی متمانە پێکراوی نێو کۆمەڵگا، لەبەر ئەو ئامادەییەی بۆ زۆربەی پێداویستیە تەندروستییەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و کوالیتی و جۆریی ژیانی خەڵکی دەوروبەری خۆی

٥. دەرمانساز دەرفەتی زۆری لەبەر دەستە کە بتوانێت ببێتە خاوەن پڕۆژە و کاری سەربەخۆ. بە تایبەت لە ئەگەری بوونی توانا و لێزانی لە بوارەکانی بەڕێوەبردن، کارگێڕی، ژمێریاری و دارایی. لە پڕۆژەی سەرەتایی وەکو خاوەندارییەتی دەرمانخانە، یان باڵا و باڵاتر وەک: کۆگای دەرمان، کۆمپانیای بڵاوکرنەوە و بە بازاڕ کردنی دەرمان، هەروەها کارگەی دەرمان. لە پاڵ ئەمانەش وەبەرهێنانی زیاتر لە کات، بۆ زیاتر پەرەپێدانی خۆی

person holding white labeled bottle
man in white dress shirt holding white card